سەنتەری خزمەتگوزاریگەلەری

جیاوازییەکانی نێوان تایەی زستانە و ھاوینە چین؟


پەیجێکی تایبەت بۆ تۆ، لەگەڵمان بن و نوێترینەکان بزانن


لە بەشێکی وڵاتانی ئەوروپا کە سیستمی ھاتووچۆ بەپێی یاسایەکی تۆکمە ڕێکخراوە، بەسەر شۆفیراندا دەیسەپێنێت، تایەی تایبەت بۆ ھەر وەرزێک بەکاربھێنێت، تایەکانیش بەپێی وەرزەکان سێ جۆرن، زستانە و ھاوینە و چوار وەرزە.

تایە یەکێکە لە ھۆکارە بنەڕەتییەکانی سەلامەتی بۆ ھەر ئۆتۆمبێلێک کە ناتوانرێت فەرامۆش بکرێت لە ژێر ھیچ ناو و بەھانەیەکدا، بۆ ئەوەشی سەلامەتی زیاتر دەسەتەبەر ببێت، دۆخی ڕێگا (وەک ڕێگای قیر، خۆڵ، بەرد، لم) و دۆخی کەشوھەوا (گەرما و سەرما و بەفر و باران و سەھۆڵ) بە مەرج دانراون بۆ جۆرەکانی تایە.

تایەی زستانە:

تایبەتمەندییەکانی تایەی زستانە چەند شتێکە:

  • توانای بەرگەگرتنی سەرمای زۆری ھەیە و لە سەرمای زۆردا نەرمیی لەدەستنادات.
  • نەخشی تایەکان بە جۆرێکە، لە ناوەندەوە دوو یان سێ یان چوار ھێڵی تیایە و بە ھێڵی تەنیشتی نەخشی ناوەوەی تایەکان دەگەیەنێت بە کەناری تایەکە، ئەوەش بۆ ئەوەی ئاو و بەفری تواوە لە ڕێی درزەکانەوە دەربکاتە دەرەوە، ئەگەر وا نەبێت، ئاوی نێوان نەخشەکان دەرناچێت و ئاوەکە دەبێتە چینێکی دابڕ لە نێوان تایە و شەقامەکە و دەبێتە ھۆی خلیسکان و کۆنترۆڵ لەدەستدان.
  • نەخش تایەکان قوڵ و زۆر و گۆشەیان زۆرە، ئەویش بۆ زیاتر دەستەبەرکردنی ھێزی لێخشاندن لەگەڵ شەقام.
  • بەھۆی زۆریی و قووڵیی نەخشەکان، دەنگی لە دەنگی تایەی ھاوینە زیاترە و قورستریشە لە لێخوڕیندا، بەوەش بە بڕێکی دیاریکراو بەنزین زیاتر سەرف دەکات.

تایەی ھاوینە:

تایبەتمەندییەکانی تایەی ھاوینەش ئەمانەن:

  • ئەم جۆرە تایە توانای بەرگەگرتنی گەرمای زۆری ھەیە و لە کاتی زۆر گەرمدا بە پێی پێویست دەکشێت تا ڕێگری لە تەقین بکات بەھۆی کشانی ھەواکەی ناوی.
  • نەخشیان کەمتر و تەنکترە، تا کەمترین ھەوای گەرم بگرن و زووتر ڕووی تایەکە فێنک ببێتەوە.
  • بەھۆی کەمیی نەخش و تەنکییانەوە، دەنگیان کەمتر و کۆنترۆڵیان ئاسانترە.

تایەی چوار وەرزە:

  • ئەم جۆرە تایە تایبەتمەندییەکانی زستانە و ھاوینە لە خۆ دەگرێت، بەڵام بە پلەیەکی دیاریکراو، واتا بۆ سەرما و گەرمایەکی ناوەند دەبێت.
  • کەمتر بە کەڵکی ڕێگای بەفر و سەھۆڵ دێت، بۆ ھاوینیش لە ئاستی تایەی ھاوینەدا نییە بۆ جادە گرتن و کشان و توانای وەستان.

بۆ پیشاندانی جیاوازییەکانی نێوان ئەو سێ جۆرە لە تایە، دەزگای سەلامەتیی ڕێگاکانی ئەمریکا ئەنجامی تاقیکردنەوەیەکیان بڵاوکردۆتەوە، کە بەم شێوەیە:

  • لە جۆرێکی دیاریکراوی ئۆتۆمبێل، لەسەر ڕێگایەکی بەفر و کەمێک سەھۆڵ، لە خێرایی 80 کیلۆمەتر/کاتژمێر، تایەی ھاوینە 58 مەتر زیاتری پێویستە بۆ وەستانی تەواو لە تایەی زستانە.
  • ھەمان تاقیکردنەوە لەسەر ڕێگایەکی تەڕ ئەنجام دراوە، ئەنجام ئەوەیە، تایەی زستانە دەتوانێت بە 7 مەتر کەمتر خێرایی ئۆتۆمبێلەکە بکات بە سفر.
  • بەڵام بە پێچەوانەوە، لە کەشێکی گەرمای 40 پلەی سیلیزی، لە ھەمان خێرایی ھەمان ئۆتۆمبێل بە تایەی ھاوینەوە 14 مەتر پێشتر خێرایی ئۆتۆمبێلەکە دەکات بە سفر، چونکە توانای کشانی زیاترە و بەوەش ڕووبەڕی زیاتری تایەکە بەر زەوی دەکەوێت و ھێزێکی لێخشاندنی زیاتر دروستدەکات.
  • توانای تایەی چوار وەرزە لە ھەموو تاقیکردنەوەکان، پلەکانی لە نێوانی ئەو دوو جۆرەی پێشوودا بووە.

کورتە:

  • ئەگەر پلەی گەرما بێتە خوار 7 پلەی سیلیزی، یان لە کەشی بەفر و باران و سەھۆڵ، تایەی ھاوینە زۆر مەترسیدارە و کۆنترۆڵی ئاسان نییە.
  • تایەی زستانە لە کەشە گەرمەکان توانای کشانی کەمە و ئەگەری تەقینی ھەیە، بەھۆی زۆریی و قووڵی نەخشەکانەوە کەمتر ڕووی جادە دەگرێت ھەوای زیاتر دەچتە نێوان نەخشەکان و دەنگ دەردەکات، توانای وەستانەوەشی لە گەرمای زیاتردا کەمتر دەبێتەوە.
  • تایەی چوار وەرزەش بۆ کەشە ناوەندییەکان گونجاوە، بەڵام تواناکەی ناگاتە ئاستی ئەو دوو جۆرە سەرەکییە لە وەرزکانی خۆیاندا.

بۆ شۆفێران، لەگەڵمان بن و نوێترینەکان بزانن