پرۆفایلگەلەریهەواڵ

فۆرد، یەكەم ئۆتۆمبێل لە مێژوودا كە چینی ناوەند توانای كڕینی هەبووە


پەیجێکی تایبەت بۆ تۆ، لەگەڵمان بن و نوێترینەکان بزانن


ئۆتۆمبێل

هێنری فۆرد، خاوەنی كۆمپانیای فۆرد یەكەم ئۆتۆمبێلی درووستكرد كە چینی ناوەند دەیانتوانی بیكڕن، لە فۆردەوە شۆرشێك بۆ بەكارهێنانی ئۆتۆمبێل دەستی پێكرد.

فۆرد، لە سەردەمی خۆیدا و بۆ برەودان بە بەرهەمەكانی تا لە هەموو جێیەكدا و لای هەمووان هەبێت، بەشێوەیەكی سیستماتیك نرخەكانی دادەبەزاند، كە بووە هۆی نوێگەری گەورە.

(هەر كڕیارێكی ئۆتۆمبێل دەتوانێت بە ئارەزوی خۆی داوای جۆر و ڕەنگی ئۆتۆمبێل بكات) ئەمە یەكێكە لە وتەكانی “هێنری فۆرد”ی دامەزرێنەری كۆمپاینای بەناوبانگی (فۆرد)ی ئەمریكی بۆ دروست كردنی ئۆتۆمبێل.

 

خاوەنی كۆمپانیای فۆرد لە 30ی تەمموزی 1863، لە كێڵگەیەك لە ویلایەتی میشیگانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەدایك بووە، كاتێك منداڵبوو، باوكی كاتژمێرێكی گیرفانی پێشكەشكرد و لە تەمەنی 15 ساڵی كاتژمێرەكانی هاوڕێ و درواسێكانی چاك دەكردەوە و ناوبانگی لە چاكردنەوەی كاتژمێردا پەیدا كرد.

هێنری فۆرد، لە دیترۆیت لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا وەك شاگرد لە بواری میكانیك كاریكردووە، و دواتریش چووەتە زانكۆ.

لە 1891 بووەتە ئەندازیار لە كۆمپانیای ئێدیسۆن ئیڵومینەیتینگ، پاش ئەوەی پلەی بەرزكراوە بۆ ئەندازیاری سەرەكی لە 1893بە پێی پێویست كات و پارەی هەبوو بۆ ئەوەی سەرنجی بخاتە سەر تاقیكردنەوەكانی لەسەر بزوێنەری بەنزین.

تاقیكردنەوەكانی گەیشتە لوتكە دوای تەواوبوونی ئۆتۆمبێلێكی خۆپاڵنەر، كە ناوی لێنا (فۆرد كوادریسایكڵ).
لە 4ی حوزەیرانی هەمان ساڵ فۆرد ئۆتۆمبێلەكەی تاقیكردەوە و دوای چەندین تاقیكردنەوە، بیری لەوە كردەوە چۆن ئۆتۆمبێلەكەی پەرەپێبدات.

لە 1898، فۆرد دووەم ئۆتۆمبێلی دیزاینكرد و درووست كرد.
فۆرد لە تشرینی یەكەمی 1901 ئۆتۆمبێلێكی درووست كرد كە هێزی 26 ئەسپی هەبوو، بەهۆی ئەو سەركەتنەش، مێرفی و خاوەن پەشكەكانی دیكەی (كۆمپانیای ئۆتۆمبێلی دیترۆیت) كۆمپانیای هێنری فۆرد یان درووستكرد لە تشرینی دووەمی 1901، كە فۆرد تێیدا ئەندازیاری سەرەكی بوو.

 

فۆرد ئۆتۆمبێلی “999”ی پێشبڕكێی بە یارمەتی یاریزانی پێشبڕكێی پایسكلسواری تۆم كووپەر درووستكرد. ئۆتۆمبێلەكە توانای زۆرتر لە 80 ئەسپی هەبوو، كە باڕنی ئۆڵدفیڵد لە پێشبڕكێیەك لە تشرینی یەكەمی 1902بەكاریهێنا و پێشبڕكێیەكەی پێ بردەوە.


فۆرد پاڵپشتی ناسیاوێكی كۆنی بەدەستهێنا بەناوی ئەلیكساندەر ماڵكۆمسن، كە بازرگانێكی بواری خەڵووز بوو لە دیترۆیت، بەیەكەوە دەستیان بە درووستكردنی ئۆتۆمبێل كرد لە ژێر ناوی “فۆرد & ماڵكۆمسن، سنوردار”، بەڵام بەهۆی لاوازی فرۆشەوە، تووشی قەیران بوون.

ماڵكۆمسن گروپێكی دیكەی سەرمایەداری هێنایە ناو كۆمپانیاكە و “فۆرد & ماڵكۆمسن، سنوردار” گۆڕدرا بۆ كۆمپانیای فۆرد مۆتۆڕ لە ١٦ی حوزەیرانی 1903، بە سەرمایەی 28000$ دۆلاری ئەمریكی.


فۆرد، ناوبانگی بە تەواوی ئەمریكادا بڵاوبوەوە كاتێك جۆرە ئۆتۆمبێلێكی نوێی نمایش كرد لەسەر سەهۆڵی دەریاچەی سەینت كلێر، كە توانی 1.6كم لە 39.4 چركە ببڕێت و ڕیكۆردی جیهانی بشكێنێت بۆ خێرایی وشكانی بە 146.9 كیلۆمەتر لە یەك كاتژمێردا، ئەمەش وای كرد كە كۆمانیاكە لەسەرانسەری ئەمریكا بناسرێت.

فۆرد مۆدێل تی، لە 1ی تشرینی یەكەمی 1908 نمایش كرا، سوكانی ئەم ئۆتۆمبێلە لەلای چەپ بوو، كە دوای ماوەیەكی كەم هەموو كۆمپانیاكانی دیكە لاساییان كردەوە.


ئۆتۆمبێلەكە زۆر ئاسان بوو بۆ لێخوڕین و چاككردنەوە، نرخەكەی لەوكاتەدا 825$ (21.730$ی ئێستا) بوو كە بۆ ئەو كاتە نرخەكەی هەرزان بوو، هاوكات هەموو ساڵێكیش نرخی بەرهەمەكانی كەم دەكردەوە تا فۆرد لە هەموو جێیەكدا بوونی هەبێت.

بەهۆی نرخە هەرزانەكەی، تاساڵی 1920 زۆربەی شۆفێرانی ئەمریكا فێری لێخوڕینی مۆدێل تی بوو بوون، بەو پێیەی سوكانەكەی لای چەپ بوو.

هێنری فۆرد، پەرۆش بوو كە ئۆتۆمبێلەكانی بە جوتیاران بفرۆشێت، فرۆش زۆر بەرزبووەوە، لە هەندێك ساڵدا قازانج بەڕێژەی 100٪ زیادیكردبوو لەچاو ساڵی پێشتر، بەهۆی بەكارهێنانی ڕێگای نوێ لە بەستنی ئۆتۆمبێلەكان، بەرهەمهێنان زۆر زیادیكرد.

لە 1914 فرۆشی ئۆتۆمبێلی فۆرد مۆدێل تی 250.000ی تێپەڕدا، تا 1916، نرخەكەی دابەزی بۆ 360$، كە دەكاتە 7.828.8$ دۆلاری ئەمریكی لە 2015دا، بەمەش فرۆشی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە گەیشتە 472000 دانە.

لە 1918دا، نیوەی ئۆتۆمبێلەكانی ئەمریكا لە جۆری مۆدێل تی بوون. بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە تا 1927 بەردەوام بوو؛ كۆی گشتی ژمارەی ئۆتۆمبێلە بەرهەمهێنراوەكان 15,007,034دانە بوو، بەمەش ڕیكۆردی پڕ فرۆشترین ئۆتۆمبێلی بۆ ماوەی 45 ساڵ بەدەستهێنا.

لە ساڵی 1926 لاوازی فرۆشی ئۆتۆمبێلی “فۆرد مۆدێل تی” وای لە هێنری كرد،جۆرێكی نوێی ئۆتۆمبێل دروست بكات.

هێنری فۆرد، خۆی دیزاینی بزوێنەر و پەیكەری ئۆتۆمبێلەكە و پارچە میكانیكیەكانی دیكەی كرد و بە شارەزاییەكی تایبەت كارەكەی تەواوكرد، ئەنجامەكەی “مۆدێل ئەی” بوو كە سەركەوتنی بەرچاوی بەدەستهێنا.

مۆدێل ئەی لە كانونی یەكەمی 1927نمایش كرا و تا 1931 بەهەم دەهێنرا. كە نزیكەی 4 ملیۆن دانەی لێ درووستكرا.


لێرەوە كۆمپانیای فۆرد، دەستی بە پەیڕەوی سیستمێكی گۆڕانكاری ساڵانە كرد.

 


بۆ شۆفێران، لەگەڵمان بن و نوێترینەکان بزانن