رێنماییهەواڵ

لەكاتی تەقینی تایەی ئۆتۆمبێل لە سەر رێگا، چی بكرێت باشە؟


پەیجێکی تایبەت بۆ تۆ، لەگەڵمان بن و نوێترینەکان بزانن


ئۆتۆمبێل

بهێنە خەیاڵی خۆت بە خێرایی (120 كیلۆمەتر/سەعات) لەسەر جادەیەكی خێرا ئۆتۆمبێل لێدەخوڕیت، لە ناكاو گوێت لە دەنگێكی گەورە دەبێت و دواتریش هەست بە لەرزین و دەنگێكی مەترسیدار دەكەیت، دەبێت كاردانەوەت بۆ ئەو كارە چۆن بێت؟ بێگومان زۆرینەی رەهای شۆفێرەكان كاردانەوەیەكی غەریزیان بۆ ئەو رووداوە دەبێت و بە شێوەی خۆنەویست پێ‌ لەسەر ئیستۆپ دادەنێن و هەوڵی دەرچوون لە رێگاكە دەدەن، ئایا ئەوە كاردانەوەیەكی دروستە بۆ ئەو كاتە؟
بێگومان ئەگەر كاردانەوەی تۆش هەمان شت بێ، خوا نەكردە ئۆتۆمبێلەكەت وەردەگەڕێت و مەترسی لەسەر ژیانی خۆت دروستدەكەیت، كەواتە بۆ دوور كەوتنەوە لە رووداوێكی نەخوازراوی وەها، چی بكرێت باشە؟
بە پێی توێژینەوەكان كە لە چەند دەزگایەكی تایبەت بە سەلامەتی لە ئەمریكا و ئەوروپا ئەنجامدراوە، (66%)ـی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە خێرایی (95 كیلۆمەتر/سەعات) و زیاتر، تایەكانیان تەقیوە، یەكێك لە سەرنشینەكانیان گیانیان لە دەستداوە یان كەمئەندام بووە.

ئەو خاڵانەی پێویستە رەچاویان بكەین لە حاڵەتێكی وەهادا:

1- پێش هەموو شت بە هێمنی شۆفێری بكە، هەرچەند لێهاتوو و پرۆفێشناڵ بیت لە شۆفێریدا، دەبێت ئاگاداری ئەوە بیت كە هەموو ئۆتۆمبێلێك سنورێكی فیزیایی خۆی هەیە، تێپەڕی كرد كۆنترۆڵكردنەوەی لە توانای كەسدا نییە، ئەوەش ئاشكرایە ئەگەر لە خێرایی (80 یان 90) دا تایەیەكت بتەقێت، مەترسی كەمترە وەك لەوەی لە خێرایی (140 یان 150) دا بیت، تەقینی تایەكانیش هۆكارێك یان كاتێكی دیاری كراوی نییە و هەمیشە ئەگەرە كە روو بدات.
2- پێ‌ لە ئیستۆپ دوور بخەرەوە، بێگومان ئەمە كارێكی ئاسان نییە نییە، چونكە دەماغی مرۆڤ وا پرۆگرام كراوە، لە كاتێكی وەهادا پەنا دەباتە بەر كارێك كە خێراییەكەی كەم بكاتەوە، بەڵام ئیستۆپ گرتن لەو كاتەدا خراپترین شتە كە بە مێشكدا دێت، ئەگەر وات كرد، ئەوا هاوسەنگی ئۆتۆمبێلەكە ئەوەندەی تر تێك دەچێت و مەترسییەكە چەند بارە دەبێتەوە.
3- لە پڕ پێ‌ لە بەنزین هەڵمەگرە، كۆمپانیای میشلان، كەتایبەتە بەدروستكردنی تایە، دەڵێت، هەوڵبدە زۆر بە هێواشی پێ لەسەر بەنزین بگێڕیتەوە، هێزی كێشی پێچەوانە كە بە هۆی تەقینی تایەكەوە دروستبووە، هەڵدەستێت بە ئەركی ئیستۆپ و خێراییەكەت كەم دەكاتەوە.
4- بەو ئاراستەیە بمێنەرەوە و هەوڵی دەرچوون مەدە لە رێگاكە، هەتا ئەتوانیت سوكان توند بگرە تا نەجوڵێت و بەو ئاراستە بمێنێتەوە كە دەڕوات، ئەگەر سوكانەكە بە لایەكدا رۆشت زیادەڕەوی مەكە لە هێنانەوەیدا، پێچ كردنەوەی توند بە تایەیەكی تەقیوەوە، ئەگەری رووداوی مەترسیدار زیاد دەكات.
5- هەر كە هەستت كرد ئۆتۆمبێلەكە هێواش بۆتەوە بۆ خێرایی خوار (60) كیلۆمەتر، ئەوا هەست بە ئارامی دەكەیت و كەم كەم ئیستۆپ بگرە تا تەواو هێواشتر دەبێتەوە و ئەوكات رێگاكە جێبهێڵەو خۆت بخەرە كەنار.

بۆ شۆفێران، لەگەڵمان بن و نوێترینەکان بزانن