رێنماییسەنتەری خزمەتگوزاریهەواڵ

كامیان سووتەمەنی زۆر دەوێت؟ ئۆتۆمبێلی گێر ئۆتۆماتیك یان دەستی


پەیجێکی تایبەت بۆ تۆ، لەگەڵمان بن و نوێترینەکان بزانن


ئۆتۆمبێل

ئەو كەسانەی كە داهاتیان سنوردارە، هەمیشە لە كاتی كڕینی ئۆتۆمبێلدا مەبەستیانە ئۆتۆمبێلێك بكڕن كەم خەرجی بێت و سووتەمەنی كەمی بۆ كارپێكردن بوێت، ئەم تایبەتمەندییە بۆ كڕینی ئۆتۆمبێل وایكردووە ئێستا كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنی ئۆتۆمبێل لایەنی كەم خەرجی و پێویستی سووتەمەنی بیر لێ بكەنەوە لەبەر داوای كڕیارانیان.

 

پێشتر قسەیەك باو بوو كە گوایە ئۆتۆمبێلی گێڕ ئۆتۆماتیك لە گێڕی دەستی بەنزین یان هەر سووتەمەنییەكی دیكە سەرف دەكات، ئەم قسەیە هۆكار بوو بۆ ئەوەی كە تا ڕادەیەك بازاڕی ئۆتۆمبێلی گێڕ ئۆتۆماتیك فرۆشی كەم بێت و خواستی لەسەر نەبێت.

لە لایەكی دیكە، بەڵێ‌ لە ئۆتۆمبێلە مۆدێل كۆنەكان تا ساڵانی 90 ئاستی بەهەدەردانی سووتەمەنی لە گێڕی دەستی كەمتر بوو لەچاو گێڕ ئۆتۆماتیك، بەو پێیەی هەڵسووڕێنەرەكانی گێڕی دەستی سادە و ساكار بوون و كاركردنیان كەمترین وزەی بزوێنەری دەویست، بەراورد بە هەیكەلی گەورەی گێڕ ئۆتۆماتیك و پارچەكانی و ئاستی جوڵەی فراوانی، دواتر و بە تایبەت لە ساڵانی 2000 تا ئێستا ئەم بیرۆكەیە و هەر قسەیەك لەمبارەیەوە بكرێت پێچەوانەكەی ڕاستە.

لە ئێستادا داهێنان و پێشكەوتنەكان لە گێڕی ئۆتۆماتیكدا بە جۆرێكن، نمرەی گێڕەكان بە جۆرێك ڕێكخراون، كە كەمترین وزەی بەگەڕخەری بزوێنەریان دەوێت و هیچ قورساییەك ناخەنە سەر هێزی بزوێنەرەكە بۆ كاركردن، كە ئەم كارە لە خۆیدا هۆكارە بۆ كەمتر بەهەدەردانی سووتەمەنی.

 

هاوكات بەهۆی بوونی سیستمی CVT، لە گێڕی ئۆتۆماتیكدا، كە ئێستا زۆرینەی كۆمپانیا پێشەنگەكانیی جیهان پێوەی پابەندن، گێڕی ئۆتۆمبێلەكان كەمترین كاریگەرییان لەسەر بزوێنەر و هێزی بزوێنەرەكەیە.

گێڕ گۆڕانی بەردەوام كە بە CVT ناسراوە (Continuously variable transmission) زۆر جاریش بەوە دەناسرێتەوە كە پێی دەوترێت گێڕ گۆرانی یەك هەنگاو .

لە سیستمی گێڕ گۆڕانی بەردەوام CVT یەك گێڕی تێدایە كە بەبەردەوامی دەگۆڕدرێت، ئەویش بەپێی جۆری لێخوڕین و داواكاری شۆفێر.

دەرەنجام، دەگەینە ئەو ڕاستیەی لە ئێستادا ئەو دەنگۆیانە ڕاست دەرناچن كە بڵین ئۆتۆمبێلی گێڕ ئۆتۆماتیك سووتەمەنی زیاتری دەوێت، ئەمەش بەهۆی ئەو پێشكەوتن و گۆڕانكارییە بەردەوامانەیە كە لە دنیای پیشەسازی ئۆتۆمبێلدا دێنە پێش.


بۆ شۆفێران، لەگەڵمان بن و نوێترینەکان بزانن