هەواڵ

مۆڵەتی شوفێری و ساڵانەی ئۆتۆمبێل دەگۆڕدرێت


پەیجێکی تایبەت بۆ تۆ، لەگەڵمان بن و نوێترینەکان بزانن


ئۆتۆمبێل -ئارام سەردار

بڕیارە لەڕێگەی کۆمپانیایەکی بیانی، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ مۆڵەتی شوفێری و ساڵانەی ئۆتۆمبێل بگۆڕێت، وتەبێژی هاتووچۆی هەولێریش ئاشکرای دەکات، دوای گۆڕینی مۆڵەتی شوفێری هاوڵاتی پێویست ناکات مۆڵەتی نێودەوڵەتی دەربکات.

 

فازل حاجی وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بە(ئۆتۆمبێل)ی ڕاگەیاند، لەڕێگەی کۆمپانیایەکی ئەڵمانی گۆڕانکاری لە مۆڵەتی شوفێری و ساڵانەی ئۆتۆمبێل دەکەن، بەشێوەیەک هەردوو پێناسەکە دەبن بەپلاستیکی، ئێستاش کارمەندانیان ڕاهێنان لەسەر بەکارهێنانی ئامێرەکان دەکەن.

 

دەشڵێت، ” پڕۆسەی گۆڕینی مۆڵەتی شوفێری و ساڵانە ماوەی 5 ساڵی پێویستە، چونکە ئەو کەسانەی مۆڵەتی نوێ دەردەهێنن مۆڵەتە نوێیەکەیان پێ دەدرێت، ئەوانەش مۆڵەتیان هەیە لەکاتی بەسەرچوون و نوێکردنەوەی مۆڵەت یان ساڵانە بەو شێوازە نوێیە، کە پێیان دەدرێت”.

 

وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر ئەوەش دەخاتەڕوو، دوای گۆڕینی مۆڵەت و ساڵانە، ئیتر شوفێران پێویست ناکات مۆڵەتی نێودەوڵەتی دەربکەن، چونکە ڕاستەوخۆ مۆڵەتە نوێیەکە نێودەوڵەتی دەبێت و ئەو وڵاتانەی لەگەڵ عیراق ڕێککەوتنیان هەیە شوفێران دەتوانن بەم مۆڵەتە شوفێری بکەن.


بۆ شۆفێران، لەگەڵمان بن و نوێترینەکان بزانن