ڤیدیۆهەواڵ

سۆناتای نوێ‌، دیزاینێكی سەرسوڕهێنەر


پەیجێکی تایبەت بۆ تۆ، لەگەڵمان بن و نوێترینەکان بزانن


ئۆتۆمبێل

هیوندای سۆناتا كە سەرەتای بەرهەمهێنانی بۆ ساڵانی 1990 دەگەڕێتەوە پێشتر ئۆتۆمبێلێكی مامناوەند بوو لە قەبارە و نرخدا، بەڵام بە پێی سەردەم و خواست لەسەر بوونی ناو بەناو ئەم نەوە سەنگینەی كۆریای باشوور گۆڕانكاری بەسەردا دەهات.

ساڵی 2011 ساڵی گۆڕانكاری گەورە بوو بۆ هیوندای ئەویش بە ئەنجامدانی گۆڕانكای گەورە لە دیزاین و توانا و قەبارەی سۆناتادا.

ئێستا دوای جێنیسس، سۆناتا یەكێك لە ئۆتۆمبێلە كەشخەكانی كۆمپانیای هیوندایە و لە نوێترین نەوەیدا، دیزاین و پێكهاتەكانی سەرسوڕهێنەرن و بووەتە یەكێك لە ئۆتۆمبێلە خواست لەسەرەكانی جیهان.


سوناتای نوێ‌ لە ئێستادا جیاواز لە هەموو كاتێكی دیكە سەرنج ڕاكێشتر نەخشەرێژ كراوە، كە تیایدا ئەوپەری ئاست بەرزی و تەكنیك لە شێوە و تایبەتمەندیدا بوونی هەیە.

 

دیزاینی بەشی پێشەوەی ئۆتۆمبێلەكە پشكی شێری لە سەرنجڕاكێشیدا پێ‌ دراوە، بە جۆرێك هێڵە كرۆمییەكانی دەوروبەری عەتەر و دەعامی و تەواوی ڕووكاری پێشەوەی بوونەتە سیمایەكی ناوازە بۆی و ڕواڵەتێكی سەنگین و تایبەتیان داوەتە ئۆتۆمبێلەكە.

تەكنیكی ڕووناكی لەم بەرهەمەی كۆرییەكاندا داهێنانی تێدا كراوە و بلاجكتۆرەكانی كراونەتە چوارچێوە بۆ لایتەكانی كە بە سیستمی LED كاردەكات و ڕووناكی بلاجكتۆرەكانیش بە ئەندازەیەكە ڕووناكی دەدەنە هێڵە كرۆمییەكان و بەم چەشنەش سەرنج ڕاكێشییەكی لە ڕادەبەدەر دەدەنە عەتەر و هێما و پێشی ئۆتۆمبێلەكە بە گشتی.

بەشی دواوەی ئۆتۆمبێلەكە گەر لە پێشەوە سەرنج ڕاكێشتر نەبێ‌ كەمتر نییە، هێڵێكی دەورە دراوی ڕووناكی لە لاتەنیشتی سندوقەوە بۆ بەشی خوارەوەی بووەتە چواچێوەیەكی سەرنج ڕاكێش بۆ ناوی ئۆتۆمبێلەكە “SONATA”.

لە لاتەنیشتەكانەوە، ئۆتۆمبێلەكە تایبەتمەندی وەرزشی وەرگرتووە تا شێوازە كوبەییەكەی هیوندای هاوشانی ئەو بەرهەمە ناوازانە بێت كە هەوادارێكی زۆریان هەیە و ئەو ڕەنگدانەوە وەرزشییەكەی لا تەنیشتەكانیش بە ویل و تایەی ناوازە لە هیوندای سۆناتادا دوپاتكراوەتەوە.

داشبۆردو ڕووكاری بەردەم شۆفێر بە جۆرێكە كە دیزاینەكانی پێشووتری تێ‌ پەڕاندووە و جوڵەپێكەری گێڕ بۆكسەكەی بە شێوەیەكی سەرنجڕاكێش وابەستەی داشبۆردی بەردەم كراوە، هاوكات شاشەیەكی هەستەوەر كە پەیوەستی پرۆگرامەكانی “ئەپل كار پلای و ئەندرۆی ئۆتۆ” كراوە جوانیەكی دیكەی دیزاینە سەرنجڕاكێشەكەی ئەم ئۆتۆمبێلەیە.


هیوندای سۆناتای نوێ‌، بزوێنەرەكەی تۆربۆیە و بە دوو جۆر بەردەستە، بزوێنەری 4 پستۆن قەبارە 2.0 لیتر كە توانای 152 ئەسپی هەیە، لەگەڵ بزوێنەری 4 پستۆن قەبارە 2.5 لیتر بە توانای 182 ئەسپ، كە گێڕبۆكسێكی 6 نمرەیی ئۆتۆماتیكی بۆ دانراوە.


بۆ شۆفێران، لەگەڵمان بن و نوێترینەکان بزانن