رێبەری ئۆتۆمبێلگەلەریهەواڵ

دیارترین ئەو هاوبەشیانەی لە نێوان كۆمپانیاكانی بواری ئۆتۆمبێلدا كراون


پەیجێکی تایبەت بۆ تۆ، لەگەڵمان بن و نوێترینەکان بزانن


ئۆتۆمبێل

بەشێك لە كۆمپانیا بەرهەمهێنەكانی بواری ئۆتۆمبێل، لەگەڵ یەكدا بیرۆكە گەڵاڵە دەكەن بۆ خستنەڕووی بەرهەمێكیان، هەندێك جار هاوبەشی كردنی چەند كۆمپانیایەك دەبێتە هۆكاری لە دایكبوونی بزوێنەرێكی نوێ‌، هەیكەلێكی نوێ‌، ڕاگرێكی نوێ‌، یان هەر داهێنانێكی دیكەی ناوازە.
ئەمانەی خوارەوە ئەو یەكگرتن و هاوبەشیانەن كە كۆمپانیاكانی بواری پیشەسازی ئۆتۆمبێل كردوویانە و سەرەنجامێكی باشی هەبووە و ندێك بەرهەمی زۆر نایاب و تایبەت لە لایەن چەند كۆمپانیایەكەوە سەرپەرشتی دەكرێن كە ڕەنگە لاتان سەیر بێت.

گروپی BMW AG-


BMW ، كۆمپانیایەكی ئەڵمانییە و لە بواری بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل، بزوێنەر، ماتۆرسكیل، كار دەكات و یەكێك لە كۆمپانیا زەبەلاحەكانی ئەڵمان و جیهانە، بە ئۆتۆمبێلە بەناوبانگەكانی BMW ناو و ناوبانگی هەیە، ئەم كۆمپانیایە هاوبەشی لەگەڵ ڕۆڵزرایسی بەریتانی و مینی كۆپەردا هەیە و لە ئێستادا سەرپەرشتی بەرهەمهێنانیان دەكات.

گروپی دایملەر


هەر لە ئەڵمانیا، گروپی دایملەر یەكێكی دیكەیە لەو گروپانەی كە هاوبەشی هەیە لەگەڵ كۆمپانیایەكی دیكەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل، دایملەر خاوەندارێتی بەرهەمەكانی مێرسیدس بێنز دەكات و یەكێكی دیكەیە لە كۆمپانیا هەرە گەورەكانی ئەڵمان و جیهان، دایملەر لە ئێستادا خاوەندارێتی %50ی ئۆتۆمبێلی سمارتی كارەبایی دەكات و هاوبەشێكی سەرەكی كۆمپانیای سمارتە.

جەنڕاڵ مۆتۆرز – General Motors


كۆمپانیایەكی ئەمریكایی فرە خاوەنە لەسەر ئاستی كەس و وڵاتان، هاوبەشی و خاوەندارێتی هەر یەكە لە بەرهەمەكانی ” بویك، كادیلاك، شێفرۆلێت و GMC ” دەكات.

جیلی – Geely


كۆمپانیایەكی چینییە، جیا لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلە تایبەتەكانی بە ناوی Geely، خاوەندارێتی “ڤۆڵڤۆ، پۆلیستار، لینك ئاند كو” دەكات، هاوكات، هەروەهابە ڕێژەی %50 هاوبەشە لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی سمارتی كارەبایی لەگەڵ گروپی دایملەر.

فیات كرایسلەر – بیجۆ سیتروین (FCA – PSA)


یەكگرتنی ئەم ناوانەی سەرەوە بووەتە هۆی لەخۆگری و تێكەڵی بەرهەمهێنان لە ڕووی شاسی و بزوێنەر و دیزاین لە بەرهەمەكانی وەك: كرایسلەر، دۆدج، جێب، رام، فیات، ئەلفارۆمیۆ، مازیراتی، فیراری، بیجۆ، سیتروین، DS، ئۆپڵ.

فۆرد مۆتۆر – Ford Motor Company

كۆمپانیای فۆردی ئەمریكایی، یەكێك لە براندە دیارەكانی بواری بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلە و ناو و ناوبانگێكی جیهانی هەیە، ئەم كۆمپانیایە خاوەندارێـتی سەرجەمی بەرهەمەكانی فۆرد و لینكۆڵن دەكات.

هۆندا مۆتۆر – Honda Motor Company


لە كۆمپانیا دیار و زەبەلاحەكانی ژاپۆنە، تەواوی بەرهەمەكانی هۆندا و ئۆتۆمبێلی ئەكیورا خاوەندارێتی دەكات.

هیوندای مۆتۆر – Hyundai Motor Company


یەكێك لە كۆمپانیا بە ناوبانگەكانی كۆریای باشوورە، بە تەنیشت بەرهەمهێنانی بەرهەمەناوازەكانی وەك، ئەزێرا، ئەلێنترا، ئەكسێنت، تۆكسۆن، سۆناتا، كۆنا، كریتا، سانتافێ‌، لە بەرهەمهێنانی كیا و جێنسێسیشدا ڕۆڵی هەیە.

هاوپەیمانی ڕینۆ – نیسان – میتسیوبیشی


یەكێكی دیكە لەو هاوبەشییە گرنگانەی كاریان لەسەر بەرهەمهێنانی چەند نەوەیەكی گرنگی ئۆتۆمبێل لە جیهاندا كردووە ئەم هاوپەیمانییەیە، كە كۆمپانیا فەرەنسی و ژاپۆنییەكان ئەنجامیانداوە.
هەرسێ‌ كۆمپانیا لە بواری دیزاین، تەكنەلۆژیای سەردەم، بزوێنەر، ڕاگر، سیستمی سەلامەتی و بەرهەمهێنانی تەواوەتی ئۆتۆمبێل هەماهەنگی یەكدین، جیا لە بەرهەمە تایبەتەكانی خۆیان، بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلەكانی وەك: داسیا، داتسۆن، ئینفنتی، لاداش سەرپەرشتی دەكەن.

گروپی تاتا – Tata Group


گروپی تاتا كە خاوەندارێتییەكەی بۆ وڵاتی هیند دەگەڕێتەوە و بە ناوی كەسایەتی سەرمایەدار “دشنهان تاتا” یە، لە ژێر سەرپەرشتی ئەم گروپەدا بەرهەمەكانی تاتا، جاكوار، لاندرۆڤەر بەرهەم دێت.

گروپی تۆیۆتا – Toyota Motor Company


خۆشەویستی هەمووان، بەرهەمهێنی ئۆتۆمبێلە كەمخەرج و ئەفسانەییەكان تۆیۆتای ژاپۆنی، لەپاڵ بەرهەمە ناوازەكانی تۆیۆتادا، لێكزس و دایهاتسۆش خاوەندارێتی دەكات.

گروپی ڤۆڵكسواگن – Volkswagen AG


سێ‌ یەم گروپی ئەڵمانی، گروپی ڤۆڵكسواگنە، كە یەكێكە لە گروپە دیار و بە ناوبانگەكانی جیهان، بەرهەمەكانی بە كەشخەیی و توندوتۆڵی و بەهێزی بەناوبانگن، جیا لە ڤۆڵكسواگن، ئاودی، پۆرش، بوگاتی، بنتڵی، شكۆدا، سیات، لامبۆرگینی سەرپەرشتی دەكات.


بۆ شۆفێران، لەگەڵمان بن و نوێترینەکان بزانن