رێنمایی

تاقە قوربانیەکیش لە ڕووداوی هاتوچۆدا زۆرە


پەیجێکی تایبەت بۆ تۆ، لەگەڵمان بن و نوێترینەکان بزانن


ڕووداوەکانی هاتوچۆ یەکێکە لە پەتا مەترسیدارەکان، کە هەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەکەن و کاریگەرییان لە سەر داهاتووی هەیە. ئامارەکان دەریان خستووە، کە ساڵانە لە ڕووداوەکانی هاتوچۆدا لەسەر ئاستی جیهان ١،٣ ملیۆن کەس دەمرێت، واتە ڕۆژانە ٣٠٠٠ کەس، لەگەڵ ٢-٥ ملیۆن برینداری قورس و سووک. بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٣٠دا بە ڕێژەی ٦٠% زیاددەکات و پلەبەندیی هۆکاری مردن بە ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە پلەی نۆیەمەوە دەباتە پلەی پێنجەم. تێچووی ئابووریی ئەو ڕووداوانە ٥١٨ ملیار دۆلاری ئەمریکییە، ٦٥ ملیاری لە وڵاتانی تازە پێگەیشتوودایە.
لە هەرێمی کوردستان، پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس ناوچەکانی ئاوەدانی هەڕەمەکیانە فراوانبوون و شارەکان ئەنجامی کۆچکردنی زۆری دانیشتوانی شارۆچکە و گوندەکان قەرەباڵغ بوون، ژمارەی ئوتومبیلەکان بەڕادەیەک هەڵکشاوە کە کوردستان وەک پارکێکی گەورەی ئوتومبیلی جۆربەجۆری لێهاتووە، بەکارهێنەرانی ڕێگەوبانەکان (مۆڵەتبەدەست و سەرنشین و پیادەڕەو) زۆربوون… ئەوانەش بوونەتە هۆی زۆربوونی داخوازی لەسەر گواستنەوە و مایەی جەنجاڵیی هاتوچۆ و سەرەنجام بەرزبوونەوەی ڕێژەی ڕووداوەکان و قوربانیانی هاتوچۆ.
وڵاتە پێشکەوتووەکان توانیویانە سەرکەوتووبن بەسەر ڕووداوەکانی هاتوچۆدا، ئەوەش لە ڕێگەی بایەخدان بە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو ڕووداوانەوە: مرۆڤ و ڕێگەوبان و ئوتومبیل. سەبارەت بە مرۆڤ بایەخیان داوە بە بەرزکردنەوەی کواڵیتی شۆفێری و توندوتۆڵکردنی مەرجەکانی هاتوچۆی سەرنشینان و هوشیارکردنەوەی هەمەلایەنی پیادەڕەوەکان. لە ڕووی ڕێگەوبانەوە بایەخیان بە ئەندازەی هاتوچۆ و زامنکردنی سەلامەتی داوە و کەرەستە پێویستەکانیان بۆ دەستەبەرکردووە. لە ڕووی ئوتومبیلیشەوە بایەخیان بە چاککردنی کواڵیتی و پتەویی داوە و سوودیان لە تەکنۆلۆژیا وەرگرتووە بۆ بەرهەمهێنانی سوارڕەوی زیرەک، کە دەرفەتی کەمکردنەوەی پێشهاتنی ڕووداو یان دابەزاندنی زیانەکان دەستەبەردەکات. بێگومان ئەو کارە فرەڕەهەندە بە ڕێکەوت و هەڕەمەکیانە نەهاتووەتەدی، بەڵکو بەری ئەزموونی تاڵ و تێگەیشتنی ئەقڵانی و هاماهەنگی و هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارە جۆربەجۆرە حکومی و ناحکومییەکان بووە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتی هەرێم و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ساڵانە و لە دوای ڕاپەڕینەوە، ئامارەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و ژمارەی قوربانییەکان ڕادەگەیەنن، کەچی بە درێژایی ئەو ساڵانە بیریان لەوە نەکردووەتەوە، وەک وڵاتانی پێشکەوتوو، پلانێکی پێنج یان دە ساڵی بخەنە گەڕ، بەمەبەستی سنووردانان بۆ ڕووداوەکانی هاتوچۆ و قوربانییە بێشومارەکانیان. بۆیە بە پێویستی دەزانم ئەم بیرۆکەیە بخەمەڕوو، تا لە کۆنفرانسی هاتوچۆدا بایەخی پێ بدرێت و هەنگاوی بۆ هەڵبهێنرێت.
دەکرێت ناونیشانی پلانەکە بریتی بێت لە: ”تاقە قوربانییەکیش لە ڕووداوی هاتوچۆدا زۆرە“، یاخود هەر ناونیشانێکی دیکەی هەبێت، کە مەبەست لێی بنیاتنانی سیستەمێکی هاتوچۆی هاوچەرخی سەلامەتخواز و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان بێت، هەروەها دەشێت دروشمی پلانەکە بریتی بێت لە: ”سەلامەتیی هاتوچۆ بە تۆ دەست پێ دەکات“.
بیرۆکەی پلانەکە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کە ڕێگەگرتن لە ڕووداوەکانی هاتوچۆ و زیانە مرۆیی و مادییەکانی ئەستەمە، ئەگەر پێگەیاندنی شۆفێران و هوشیارکردنەوەی سەرنشین و پیادەڕەوەکان باش و زانستی و هاوچەرخانە نەبێت، ڕێگەوبانەکان باش و تۆکمە نەبن بە هەموو پێداویستییەکانەوە، کواڵیتیی و توندوتۆڵیی سوارڕەوەکان وەک پێویست نەبێت و بەپیرەوەچوونی دوای ڕووداو لەئاستی پێویستدا نەبێت.
ئامانجی پلانەکە ئەوەیە، لە ماوەیەکی دیارکراودا و بە پیادەکردنی کۆمەڵێک ڕێکار و هەنگاوی کردەیی (یاسایی و پیشەیی و زانستی) ژمارەی قوربانیان (مردوو و برینداری سەخت و برینداری سووک) بە ڕێژەی ٢٥% یان ٥٠% کەم بکرێتەوە.
پلانەکە پێویستی بەمانە هەیە:
١. پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی باڵا بەم شێوەیەی خوارەوە: وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، پارێزگا و شارەوانییەکان، کۆمپانیا ناوخۆییەکان، هاوردەکارانی ئوتومبیل، سەندیکای شۆفێران، کەسانی پسپۆڕ و شارەزا.
٢. دەستەبەرکردنی داتای ڕاست و متمانەپێکراو دەربارەی ژمارەی ڕووداوەکان و قوربانیان بەپێی (شوێن، کات، وەرز، هۆکار، تەمەن و ڕەگەزی، جۆری ئوتومبیل…هتد).
٣. یاسا و ڕێنمایی و ڕێکاری پێویست.
٤. لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی و مەیدانی.
٥. پۆلێنکردنی هەنگاوەکانی پلانەکە لە ڕووی ئەولەویت و کات و جێبەجێکردنەوە.
٦. تەرخانکردنی پارەی پێویست لە بودجەی ساڵانەی هەرێمدا و بەشداری پێ کردنی خاوەن کارەکان وەک بەشێک لە پابەندبوونی کۆمەڵایەتیان.
٧. هەڵسەنگاندنی کورتخایان و درێژخایانی پلانەکە و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکانی و گەشەدان بە میکانیزم و هەنگاوەکانی.
بەپێی هەڵسەنگاندنم بۆ ڕەوشی هاتوچۆ و ڕووداوەکانی لە کوردستان، بۆ پلانەکە سەبارەت بە هۆکارەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ بەم شێوەیە ڕای خۆم دەردەبڕم:

ا. مرۆڤ:
بەپێی ئامارەکان لە هەرێمی کوردستان دەرکەوتووە، کە مرۆڤ وەك بەكارهێنەری ڕێگە، جا شۆفێر بێت یان سەرنشین، سوارڕەو بێت یان پیادەڕە، گرنگترین‌و مەترسیدارترین هۆكاری پێشهاتنی ڕووداوەكانە، لەبەر سنوورداریی توانا فیزیکی و دەروونییەكانی‌و بە هۆی هەڵسوكەوت‌و ڕەفتارەكانییەوە. بۆیە پێویستە پلانەکە بایەخ بەم خاڵانەی لای خوارەوە بدات، کە گرنگن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە:
یەکەم/ دامەزراندنی شێوازێکی مۆڵەتپێدانی هاوچەرخ، بەپێی ستاندارە جیهانییەکان و تایبەتمەندیی کوردستان، بۆ بەرهەمهێنانی شۆفێری پڕۆفشناڵی نوێ و ڕاهێنانەوەی مۆڵەتبەدەستانی پێشوو.
دووەم/ چاککردنی شێوازی پشکنینی پزیشکی بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی شۆفێری و بایەخدان بە لایەنی جەستەیی، ئەقڵی، دەروونییەکان و خەوشییەکانی بینینی فێرخواز و قەتیس نەکردنی لە پشکنینی ئاسایی چاودا.
سێیەم/ چڕکردنەوەی چاودێریکردنی هاتوچۆ و بەرزکردنەوەی ڕێژەی سزای دارایی و پیادەکردنی سزای نادارایی (بۆ نموونە، لێسەندنەوەی کاتی و هەمیشەیی مۆڵەت).
سێیەم/ بایەخدان بەم ١٢ خەوشییەی لای خوارەوە، کە دەرهاویشتەی مرۆڤن و هۆکاری سەرەکیی ڕووداوەکانی هاتوچۆن لای خۆمان، ئینجا دانانی هەنگاوی پێویست لە پلانەکەدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەریەکێکیان:
١. خێرایی لێخوڕینی ئوتومبیل.
٢. شۆفێری گەنج ١٩- ٢٥ ساڵ.
٣. غافڵبوون (وریانەبوون).
٤. بەکارنەهێنانی پشتێنی سەلامەتی و خودە.
٥. جێگیرنەکردنی گونجاوی منداڵ.
٦. بەکارهێنانی مۆبایل.
٧. مەی خواردنەوە.
٨. پیادەڕەوەکان.
٩. هەڵەی تێپەڕاندن.
١٠. ماتۆڕسوار و ماتۆڕپاسکیلسوار.
١١. بارهەڵگەرەکان.
١٢. ڕووداوی تاکەکەسی.

ب. ڕێگەوبان:
ئاشکرایە پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لەنێوان ئەندازەی ڕێگەوبان و ڕێژەی ڕووداوەکانی هاتوچۆدا هەیە و ڕووداوەکان لەسەر ئەو ڕێگەوبانانە کەمتردەبن کە پشتبەستوو بە لێکۆڵینەوەی زانستی و کواڵیتی و توندوتۆڵی بنیاتدەنرێن و هێما و هێڵی پێویست و گونجاویان بۆ دەستەبەردەکرێت. لە هەرێمی کوردستان، بەپێی ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو چەند خەوشییەک لەئارادابوون، کە بوونەتە مایەی پێشهاتنی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و گرنگە لە پلانەکەدا ئاوڕیان لێ بدرێتەوە و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە:
١. پیادەنەکردنی پلانێکی باش بۆ بنیاتنانی تۆڕەکانی ڕێگەوبان، بە ڕەچاوکردنی کواڵیتی و سەلامەتی و ئاسوودەیی.
٢. نەبوونی پلان بۆ چاککردنی بەڕێوەچوونی هارمۆنیخوازانەی جوڵەی هاتوچۆ، بە جۆرێک هاووڵاتیان بە ئاسانی بگەنە جێگەی مەبەست و دووچاری قەرەباڵغیی و گیرخواردن نەبن.
٣. دەسنیشان نەکردنی تەواوی شوێنە مەترسیدارە ڕووداوخوڵقێنەکان و بەپیرەوەنەچوونی دەستوبردی چارەسەرکردنیان.
٤. دەستەبەرنەکردنی کەرەستە پێویستەکانی ڕێگەوبان، وەک: هێما و هێڵەکان، ترافیک لایتەکان، ئامێرە زیرەکەکانی کۆنترۆڵکردنی خێرایی و لێدانی ترافیک لایتی سوور، یان بەکارهێنانی هەڵە و نابەرهەمهێنی ئەو کەرەستانە.
٥. چارەسەرنەکردنی خەوشییەکانی ئەندازەی ناوجەرگەی پارێزگاکان، وەک سوڕانەوەکان (یوتێرنەکان) و نەبوونی شوێنی پەڕینەوەی پێویست و گونجاو بۆ پیادەڕەوەکان.
٦. نۆژەن نەکردنەوەی بەردەوامی ڕێگەوبانەکانی ناوەوە و دەرەوەی شارەکان.
٧. داگیرکردنی شۆستەکان لەلایەن دوکاندار و مارکێتەکانەوە و قەرەباڵغیی سەرشەقامەکان بە هۆی عەرەبانەی دەستگێڕەکانەوە.
٨. کەمیی گەراجی پارککردن لەناو شارەکاندا و تەشەنەکردنی پارککردنی نایاسایی.

ج. سوارڕەو:
ئەگەرچی سوارڕەو بۆ ئەوە دروستكراوە خزمەتی مرۆڤ بكات‌و ئاسوودەیی‌و دڵنیایی‌و گواستنەوەی خێرای بۆ دەستەبەربكات، كەچی هۆكارێکە ڕاستەوخۆ مەترسیی لێ‌ دەكەوێتەوە، ئەوەش ئەنجامی خراپ بەكارهێنان‌و سەركەشی‌ لەلایەک و باش ڕانەگرتنی لە ڕووی مەرجەکانی توندوتۆڵی و سەلامەتی لەلایەکی دیکەوە. سەبارەت بەم هۆکارەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان دەکرێت هێما بۆ چەند خەوشییەک بکەین، کە هەقی خۆیەتی ڕەچاوبکرێن:
١. کۆنترۆڵ نەکردنی زۆربوونی سوارڕەوی جۆربەجۆر، واتە ئوتومبیلی تایبەت، پاس، لۆری، ماتۆڕ و ماتۆڕپاسکیل…هتد و هاننەدانی بەكارهێنانی ئامڕازەكانی گواستنەوەی گشتی‌و بەپێ‌ ڕۆیشتن ‌و بەكارهێنانی پاسكیل.
٢. زۆربوونی ئوتومبیلی پێشکەوتوو بەدەست کەسانێکەوە کە بەرپرسیارانە و ئەقڵانیانە بەکاریان ناهێنن.
٣. زۆربوونی ئوتومبیلی بێ دایک و باوک کە مەرجەکانی توندوتۆڵی و سەلامەتیان تێدانییە.
٤. زۆربوونی ئوتومبیلی دەستی دووی لێدراوی ئەمریکا و کەنەدا و کەنداو.
٥. زۆربوونی ژمارەی لۆریی گوێزانەوەی بیانی لەسەر ڕێگەوبانەکان و بەدەست کەسانێکەوە کە سەلامەتخوازنە مامەڵەیان لەگەڵ ناکەن.
٦. نەبوون یان لاوازیی مەرجەکانی توندوتۆڵیی زۆرێک لە سوارڕەوەکان.
٧. بارلێنانی زیاد لە پێویست و نەبەستنەوەی بە شێوازی دروست.

د. بەپیرەوەچوونی دوای ڕووداو:
ساتەوەختەکانی دوای ڕووداوی هاتوچۆ و ئەو ڕێکارانەی دەگیرێنەبەر زۆر هەستیار و چارەنووسسازن بۆ ژیان و داهاتووی ئەوانەی لە ڕووداوەکە گلاون. بوونی سیستەمێکی فریاکەوتنی پێشکەوتوو و ئاستێکی بەرزی هوشیاریی هاووڵاتیان بەرامبەر بە چۆنییەتی مامەڵەکردن لە کات و شوێنی ڕووداوی هاتوچۆدا یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی مردن و پەککەوتنی درێژخایان. لە هەرێمی کوردستان گرفتی زۆرمان لەم بوارەدا هەیە، کە لە پلانەکە دەبێت بایەخیان پێ بدرێت و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە، وەک:
١. نەبوونی ناوەندی فریاکەوتن تایبەت بە ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە سەر ڕێگەوبانەکانی دەرەوەی شارەکان، هەروەها نەبوونی کادیری تەندروستیی شارەزای پێویست لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکانی شارەکاندا.
٢. تەقلیدیبوونی گواستنەوەی قوربانییەکان بە ئەمبوڵانس و لەو جەنجاڵییەی هاتوچۆدا و نەبوونی شێوازی گواستنەوەی ئاسمانی.
٣. خۆهەڵقورتاندنی هاووڵاتیان لە ڕووداوەکان و دروستکردنی ئاستەنگ و نانەوەی پشێوی و ڕووداوی زیاتر.
٤. گواستنەوەی قوربانی لەلایەن کەسوکارەوە، بەبێ شارەزابوون لە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ باری تەندروستی پێکراوێکی ڕووداوی هاتوچۆ.
٥. نەبوونی سیستەمی ڕاهێنانەوەی جەستەیی و دەروونی بۆ قۆناغی دوای نەخۆشخانە.

ھەڵکەوت عەبدوڵڵا

بۆ شۆفێران، لەگەڵمان بن و نوێترینەکان بزانن