رێنماییهەواڵ

سلێمانی: کامێرا گەڕۆکەکان دادانرێنەوە و بەم نزیکانە جێگیرەکانیش بە گەڕ دەخرێن


پەیجێکی تایبەت بۆ تۆ، لەگەڵمان بن و نوێترینەکان بزانن


ئۆتۆمبێل

بەڕێوەبەری هاتووچۆى سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لەڕۆژانی داهاتودا كامێرا گەڕۆكەكان دەخرێنەوە كار‌، لەبارەی كامێرا جێگیرەكانیش دەڵێت” لەپێناو ڕێگریكردن لەڕووداوی هاتووچۆ، دووبارە ئەوانیش دەخەنەوەكار، چونكە تیژڕەوی  گیانی شۆفێرانی خستۆتە مەترسییەوە”.

عەمید فەرەیدون عومەر بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی بە(ترافیك ئێف ئێمی) سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەكەی ڕاگەیاندووە” پێش هاتنی كۆرۆنا بەنیازبوون كامێرا جێگیرەكان بخەنەوە كار، بەڵام بەهۆی ڕاگرتنی دەوامەوە كارەکەیان خستۆتە دوای جەژن،  لەبارەی وادەی خستنەوە كاری كامێراكانیش وتی:” لەهەوڵدان ڕەزامەندی وەربگرن‌ و لەداهاتوویەكی نزیكدا دەیانخەنەوە كار”.

لەبارەی ئەوەی ئەو كامێرا جێگیرانە كێشەی كارەبایان هەبێت، عەمید فەرەیدون دەڵێت:” سەرجەم كامێرا جێگیرەكان كە ژمارەیان (21) دانەیە، ڕاستەوخۆ كارەبایان بەستراوەتەوە بەكارەبای نیشتیمانی‌ و هیچ گرفتێكیان نییە”.

لەبارەی كێشەی سیستمی كامێرا جێگرەكانەوە، بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی وتی:” ڕاستە سیستمەكە كۆنەو دەبێت ڕۆژانە كارمەندانی هاتووچۆ داتای كامێرەكان بەئامێرێكی گوازەرەوەی ئەلیكترۆنی بگەڕێننەوە بۆ هاتووچۆ، بەڵام چارەسەری ئەو گرفتەش هەیە، دەتوانرێت لەڕێگەی فایبەر ئۆپتیكەوە سەرجەم داتاو زانیارییەكان ڕاستەوخۆ پەیوەستبكرێت بە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆوە ‌و لەداهاتووشدا كار بۆ ئەوە دەكەین”.

عەمید فەرەیدون دەڵێت”لەڕۆژانی داهاتوودا كامێرا گەڕۆكەكانیش دەخرێنەوە كار ‌و نیگەرانین لەوەی، بەهۆی تیژڕەویەوە ڕۆژانە چەندین حاڵەتی دڵتەزێن دروست دەبن،  دەمانەوێت ڕێگری بكەین لەزیان گەیاندن بەگیانی هاووڵاتیان، بۆیە پێمان خۆش نییە بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوە، هیچ ماڵێك پرسە بگێڕێت، یان شۆفێرێك زیان بەهاووڵاتیانی تر بگەیەنێت ‌و وەك ئەو ڕووداوەی ئەمڕۆی قەزای دووكان، كە دوو هاوڵاتی گیانیان لەدەستداو سەرجەم كارەبای قەزای دووكانیش بەو هۆیەوە بڕا، بۆ ڕێگریكردن لەهەر ڕووداوێكی هاتووچۆش كامێرا جێگرەكان ڕۆڵی خۆیان لەكەمكردنەوەی خێرایی شۆفێران دەگێڕن ‌و داواكارین شۆفێران لەپێناو گیانی خۆیان خێراییەكانیان كەم بكەنەوە”.

لەلایەكی ترەوە ڕائید ئاكام عەلی، بەرپرسی كامێراكانی چاودێریی هاتووچۆی سلێمانی لەبارەی سیستمی تۆماركردنی سەرپێچییەكانی تیژڕەویی ڕایگەیاندووە “ئەم سیستمە نوێیە هەموو جۆرە ژمارەیەك تۆمار دەكات، سەرپێچی ژمارەی هەولێر و دهۆك بە ئیمەیڵ بۆیان دەنێرین، بۆ ناوەڕاست و خوارووی عیراقیش ئەرشیفی دەكەین، بۆ ژمارە کاتییەكانیش لامان دەمێنێتەوە هەتا كاتێك دێت بۆ ژمارە بەستن”.


بۆ شۆفێران، لەگەڵمان بن و نوێترینەکان بزانن