پرۆفایلگەلەریهەواڵ

مێرسیدس بێنز، ئۆتۆمبێلەکانی بۆ کەشی کوردستان دروستدەکات


پەیجێکی تایبەت بۆ تۆ، لەگەڵمان بن و نوێترینەکان بزانن


سلێمانی – نزار جەزا

ئەمڕۆ شەممە لەشاری سلێمانی بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای مێرسیدس بێنز دوو ئۆتۆمبێلی نوێی مێرسیدس بێنز نمایشکرا و لەماوەی ساڵی ڕابردووشدا فرۆشی ئۆتۆمبێلەکانی کۆمپانیاکە لەسەدا ٢٠ زیادی کردووە.

نوێترین جۆری ئۆتۆمبێلی ئی کڵاس ٢٠٠ و ئۆتۆمبێلی ئی ٢٠٠ کوپێ لەمەراسیمێکدا لەشاری سلێمانی نمایشکران.

مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان سەرۆكی یەكێتی هاوردە و هەناردەكارانی هەرێم بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، کردنەوەی لقی ئەم کۆمپانیا گەورانە لەهەرێمی کوردستان گرنگی خۆی هەیە، چونکە ئۆتۆمبێلەکان لەدەستی یەکەوە دەگاتە کڕیار و گرەنتی سێ ساڵیان لەگەڵدایە و خاوەنی ئۆتۆمبێلەکانی مێرسیدس بێنز دەتوانن لەوەرشەکانیان ڕاستەوخۆ ئۆتۆمبێلەکانیان چاکبکەنەوە.

زیاتر ڕوونیکردەوە، هەلی کار بۆ هاوڵاتییانی هەرێم دەڕەخسێت، ئەمەش وادەکات هاوڵاتییان سودمەندبنو ئابووری هەرێم ببوژێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، هەوڵدەدەن لەڕێگەی ئەندامەکانیانەوە لەگەڵ کۆمیانیاکانی دیکەش گفتوگۆ بکەن، بۆئەوەی لقی خۆیان لەهەرێمی کوردستان بکەنەوە، هەر کاتێکیش هەوڵەکان گەیشتنە ئەنجام بێگومان ئاشکرایدەکەن.

کۆمپانیای مێرسیدس بێنز کۆمپانیایەکی تایبەتە بەبەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل، کە لەماوەی ساڵی ٢٠٢٠دا توانی لەسەدا ٢٠ فرۆشی زیاد بکات، ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورەبوو بۆ کۆمپانیاکە، چونکە بەگشتی ساڵی ٢٠٢٠ ساڵێکی پڕ قەیرانی جۆراوجۆربوو لەجیهاندا، بەتایبەت بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری لەسەر بازاڕی کاری هەموو جیهان دروستکرد.

سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە بارەی گرنگی کردنەوەی لقی کۆمپانیا لە ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، کۆمپانیایی مێرسیدس بێنز بۆ یەکەمجار وەرشەیەکی فەرمی لە شاری سلێمانی کردۆتەوە کە خزمەتێکی زۆر بەو کەسانە دەکات کە خاوەنی ئۆتۆمبێلی مێرسیدس بێنز جاران دەبوایە بۆ چاکردنەوەی ئۆتۆمبیلەکان سەردانی ھەولێر یاخود بەغدایان بکردایە، ئێستا ڕاستەوخۆ لە شاری سلێمانی خزمەتگوزارییەکان پێشکەش دەکرێت.


وتیشی: ژمارەیەک سەرمایەداری بیانی بۆ یەکەمجار ھاتونەتە شاری سلێمانی و لە ڕێگەی ئەم پێشەنگایەوە ھەلی کاریان بۆ ژمارەیەک گەنجی ئەم شارە ڕەخساندوە، ئێمە وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەگەڵ دانیشتنمان کردوە و داوامان لێ کردون ئۆفەری تایبەتیان ھەبێت بۆ خاوەنکاران و داشکاندن و خزمەتگوزاری تایبەت پێشکەش بە بازرگانانی سلێمانی بکەن.

ئەو دوو ئۆتۆمبێلەی کە لەئەمشەودا نمایشکران، تایبەتبوون بە هەرێمی کوردستان و عیراق و بەشێوەیەکی گشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە ئەم ناوچەیە تایبەتمەندی خۆی هەیە، کەشوهەوا و کوالیتی بەنزین و شەقامەکانی بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێل جیاوازن لەئەڵمانیا.

عەباس حەمەکەریم، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای برایت کاسل مۆتۆرز، بریکاری گشتی مێرسیدس بێنز بۆ ئۆتۆمبێل لەعیراق بە (خەڵک)ی ڕاگەیاند، ئەم ئۆتۆمبێلانە بەراورد بەو ئۆتۆمبێلەی کە لەئەڵمانیا دروستدەکرێن جیاوازن، بۆنمونە هەرێمی کوردستان هاوینانی گەرمە، بۆیە تەبریدەکەی بەهێزتر کراوە، مەکینەکەی بەشێوەیەک دروستکراوە کە بۆ بەنزینی هەرێم بگونجێت، هەروەها تایەکانی وا دروستکراون بۆ شەقامەکانی هەرێم بگونجێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ماوەی ٢٤ کاتژمێر هێڵی خزمەتگوزارییان هەیە، هەر خاوەن مێرسیدس بێنزێک دەتوانێت پەیوەندی بکات و بەشێوەیەکی گونجاو خزمەتی دەکەن.

لەگەڵ ئەوەی بەشێک لەهاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان زیاتر ئۆتۆمبێلی یابانییان لا پەسەندە و فرۆشیان لەناو هاوڵاتییاندا زیاترە، بەڵام هەندێک لەهاوڵاتییانیش کە گرنگی بەکوالیتی و تایبەتمەندی دەدەن، مێرسیدس بێنزیان لاپەسەندە.

ئیمان نەوزاد، ڕاوێژکاری فرۆشتن لەکۆمپانیای برایت کاسل مۆتۆرز، بریکاری گشتی مێرسیدس بێنز بۆ ئۆتۆمبێل لەعیراق بۆ (خەڵک)ی ڕاگەیاند، ئەمشەو ئۆتۆمبێلی ئی کڵاس ٢٠٠ و ئۆتۆمبێلی ئی ٢٠٠ کوپێ نمایشکران، کە هەریەکێکیان سێ ساڵ گرەنتی هەیە و هەموو تایبەتمەندییەکانی ئۆتۆمبێلەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان گونجێنراوە و بۆیاغی ئۆتۆمبێلەکەش وا دروستکراون، کە لەگەڵ کەشی ئێرەدا بگونجێت.

ئەوەشی ئاشکراکرد، مەکینەی ئۆتۆمبێلەکان ٢٠ی تۆربۆیە و ٣٦٠ پلە کامێرای هەیە و شەش حاسەی هەیە و دەیان تایبەتمەندی دیکەی جیاوازی هەیە.

هەرێمی کوردستان لەگەڵ کرانەوەیدا بەڕووی بازاڕەکانی جیهاندا، توانی ساڵانە لەگەڵ نمایشکردنی نوێترین ئۆتۆمبێلەکان لەجیهاندا، هەرێمی کوردستانیش لەم ئۆتۆمبێلانە بێبەش نەبێت و لەڕێگەی کۆمپانیا جیاوازەکانەوە ئەم ئۆتۆمبێلە تایبەتانە بهێنرێنە هەرێمی کوردستان، بەجۆرێک ئەو کەسانەی کە پارەدارن، دەتوانن بەدەستیان بهێنن.


بۆ شۆفێران، لەگەڵمان بن و نوێترینەکان بزانن