رێبەری ئۆتۆمبێلهەواڵ

کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لەپێشانگاکانی ئۆتۆمبێل وەستاوە


پەیجێکی تایبەت بۆ تۆ، لەگەڵمان بن و نوێترینەکان بزانن


ئۆتۆمبێل

سلێمانی – نزار جەزا

ئەم بەهارەش بۆ دووهەم ساڵ پێچەوانەی بەهارەکانی رابردوو بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دابەزیوە و نرخی ئۆتۆمبێلیش ڕوو لەدابەزینە بەهۆی كۆرۆنا و قەیرانی داراییەوە.

ساڵانی پێشوو لەگەڵ نزیکبوونەوە لەوەرزی بەهار بازاڕەکانی کڕین وفرۆشتنی ئۆتۆمبێل جمەی دەهات و نرخی ئۆتۆمبێلیش بەهۆی زۆری کڕین و فرۆشتنەوە بەرزدەبووەوە، بەڵام ئەمساڵ جمەی نایەت.

لەبەدواداچوونێکی وێبسایتی (خەڵک)دا دەرکەوتووە، کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بەهۆی بەرزی نرخ لەئاست پارەی نێو گیرفانی هاوڵاتییان کزبووە، بەجۆرێک خاوەن ئۆتۆمبێل دەیەوێت ئۆتۆمبێلەکەی لەخێردا بفرۆشێت، کڕیاریش بەو نرخە بەرزە نایکڕێت، بۆیە جوڵەی بازاڕ کز بووە.

لەگەڵ یەکێک لەو کڕیارانەی کە ماوەی دوو هەفتە زیاترە دەیەوێت ئۆتۆمبێلێک بکڕێت، چووینە پێشانگاکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، بەمەبەستی کڕینی ئۆتۆمبێلێکی جۆری سەنی، بەڵام بەهۆی بەرزی نرخەکەیەوە بۆمان نەکڕدرا.

ئەو کڕیارە بەناوی گۆران ئەحمەد ڕوونیکردەوە، ئەو کەسانەی لەپێشانگاکانکاردەکەن ئۆتۆمبێلیان لەنرخێکی گونجاودا لەخەڵک کڕیوە، ئێستاش دەیانەوێت ئۆتۆمبێلەکەیان لەخێرێکی زۆردا بفرۆشنەوە،ئەم نرخانەش زۆر بەرزن، بەجۆرێکە هەموویان خێرێکی زۆریان کردۆتە سەر ئۆتۆمبێلەکەیان و لەم بێ پارەییەدا دەیانەوێت بەهەمانشێوەی پێشتر بۆیان بفرۆشرێت، لەکاتێکدا ئێستا ئەو نرخە ناکات، بۆیە پێویستە فرۆشیارەکان نرخ داببەزێنن، بۆئەوەی کڕیاریش بتوانێت بیکڕێت و جوڵەش بکەوێتە بازاڕەوە.

مەلا عادل، کە لەناو پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل کاردەکات، وتی؛ بازاڕ کزبووە، ئەوەش بەهۆی دابەشنەکردنی موچەوە، چونکە کاتێک خەڵک موچەی پێنەدرێت و پارەی پێنەبێت ئۆتۆمبێلیش ناگۆڕێت.

زیاتر ڕوونیکردەوە، یەکێکی دیکە لەهۆکارەکانی بازاڕکزی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بڕیارەی حکومەتی عیراق داویەتی، کە لەمەودوا ئۆتۆمبێلی لێدراو دەتوانرێت بهێنرێتە ناو عیراقەوە، لەم کاتەشدا عەرەبەکان کەمتر لەهەرێمی کوردستان ئۆتۆمبێل دەکڕن.

ئەوەشی خستەڕوو، هۆکارێکی دیکە بۆ بازاڕکزی و نرخ دابەزین، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بڕیارەی حکومەتی هەرێم، کە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و خوارمۆدێلەكان فۆڕمیان بۆ پڕدەکرێتەوە.

وتیشی: بەشێوەیەکی گشتی نرخی ئۆتۆمبێل ٢٠٠ تاکو ٣٠٠ دۆلار دابەزیوە، بەڵام ئۆتۆمبێلە سفرەکانی کۆمپانیاکان زیاتر نرخیان دابەزیوە.

باسی لەئەوەشکرد، ئەگەر حکومەتی هەرێم لەکاتی خۆیدا موچە دابەشبکات، بەدڵنیایی جوڵەیەکی باش دەکەوێتە بازاڕەوە و کڕین و فرۆشتن زیاتر دەبێت.

یەکێکی دیکە لەو کەسانەی لەپێشانگاکانی ئۆتۆمبێلدا کاری کڕین و فرۆشتن دەکات بەناوی بەرهەم عەبدوڵا بە (خەڵک)ی وتووە: لەئێستادا بێبازاڕییەکی زۆر زۆر هەیە، هیچ کاتێک وەک ئێستا نەبووە، چونکە ئەو کەسانەی کە لەناو پێشانگاکان کاردەکات بەزەرەر ئۆتۆمبێلەکانیان نافرۆشن، خەڵکیش بەو پارەیە نایکڕێت، ئەو کەسانەشی لەدەرەوە دێن ئۆتۆمبێل بفرۆشێت بەزەرەر دەیفرۆشن، چونکە بازاڕ وەستاوە.

باسی لەئەوەشکرد، بەپێی جۆری ئۆتۆمبێلەکان نرخەکان دابەزیون، بۆ نمونە ئۆتۆمبێل هەیە ٢٠ هەزار دۆلار دابەزیوە، یان هەزار دۆلار، یان ٥٠٠ دۆلار، هەندێک ئۆتۆمبێلی دیکەش نرخیان جێگیرە یان بەرزبۆتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، دابەزینی بەهای دینار، کاریگەری زۆری کردووەتە سەر بازاڕ، چونکە دۆلار گرانە، خەڵکی ناوخۆی کوردستان پارەی کەم پێیە و عەرەبەکانیش دیناریان پێیە و بەم نرخە نوێیە کەمتر ئۆتۆمبێل دەکڕن.

ئەمە لەکاتێکدایە ساڵانە لەگەڵ وەرزی بەهاردا کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل زیادی دەکرد، بەڵام ئەمساڵ ئەم جوڵەیە لەبازاڕ نەبینرا، بەڵکو بەپێچەوانەوە کڕین و فرۆشتن کەمتربووەتەوە و نرخیش ڕوو لەدابەزینە.


بۆ شۆفێران، لەگەڵمان بن و نوێترینەکان بزانن